شارەزایەکی ئابووریی ئیسلامی: مامەڵەکردن بە فۆرێکس حەرامە

شارەزایەکی ئابووری ئیسلامی دەڵێت: هەمووجۆرە مامەڵەیەک بە فۆرێکس حەرامە و ئەو کەسانەی ئەو مامەڵەیە دەکەن زەرەرمەند دەبن.
چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، خالید محەممەد شارەزایی ئابووریی ئیسلامی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مامەڵەی فۆرێکس حەرامە مامەڵەیەکی هەواییە و جیاوازە لە مامەڵە بە زێڕ و پارە،چونکە کاتێک تۆ دراوێک دەکڕیت ئەم دراوە بوونی نییە بۆ وەرگرتن نابێت.
باسی لەوەش کرد، ئابووریی ئیسلامیی ڕاستەقینەیە نەوەک خەیاڵی و داوامان کردووە پەنا نەبەرێتە بەر ئەو کۆمپانیانەی مامەڵەی خەیاڵی دەکەن و شتێک نییە بەناوی ئەکاونتی ئیسلامی.
جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو کەسانەی فۆرێکس بەکاردێنن شارەزایی ئابووریان نییە، سەڕەرای ئەوەی لە بازاڕ کار دەکەن، بۆیە بەکارهێنەرانی زەرەرمەندی سەرەکی دەبن.
هەر دوێنی سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیای فۆرێکس و دراوی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگەپێدرا و نین و مۆڵەتی فەرمیان نییە. دەشڵێت: بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێگەپێدراو نین و هیچ یاسا و ڕێنماییەک نییە بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکییانە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کۆمپانیایانەی لەژێر ناوی جیا جیا کاری فۆرێکس و کردنەوەی خوولی فێربوونی چۆنیەتی مامەڵەکردن و کڕینی دراوی ئەلیکترۆنی و کانزایی دەکەن، نایاسایین و ڕێگەپێدراو نین.
فۆرێکس یەکێکە لە بازاڕە جیهانییەکان کە بازرگانیی بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی تێدا دەکرێت و بە یەکێک لە گەورەترین بازاڕی دارایی لە جیهاندا دادەندرێت.