ماکرۆن: لە چەند مانگی داهاتوودا دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێین

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: فەرەنسا لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، بڕیارێکی دادپەروەردانە دەدات و دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.

چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی وڵاتەکەی گوتی: فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشتگیری لە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەکات.

ئاماژەی بەوە دا، ئامانجمان ئەوەیە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا لەگەڵ سعوودییە سەرۆکایەتی کۆنفرانسێک بکەین، کە بتوانین پێکەوە بڕیارێکی دادپەوەرانە بدەین و دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێین.

لەم هەفتەیەدا ماکرۆن بەشداری لووتکەی سێ قۆڵی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە قاهیرە کرد.

 لە لووتکەکەدا تیشک خرایە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و پاڵپشتیکردنی پلانی عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە لە بەرانبەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و کردنەوەی دەروازەکان بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتەکە بنێردریت.

 
 
Fly Erbil Advertisment