ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی و ئەردۆغان پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی و ئەردۆغان کۆ دەبنەوە و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ دەکەن.
بڕیارە کاتژمێر 01:30 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی نیسان 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) کۆ ببێتەوە.
ئـــــەو شاندەی دەم پارتی کە بڕیارە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ ببێتەوە، لە سڕری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێک هاتووە.
ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ شاندی دەم پارتی، تاوتوێی پرۆسەی "تورکیای دوور لە تیرۆر" دەکەن. ئەوەشی خستە ڕوو، ئیرادەی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان دووپات دەکەنەوە.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، شاندی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەنەوە و بۆ چوارەمین جار چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەوێتەوە.
میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەش کردووە، چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان جارێکی دیکە لە پەیامێکدا جەخت لە چەک دانان بکاتەوە و دوای ئەو پەیامەش، پەکەکە لەم مانگەدا کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی دەبەستێت.
