تورکیا دوو ڕۆژنامەنووسی دیار دەستگیر دەکات
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگا کە بەدەستی ڕۆیتەرز گەیشتووە، پۆلیسی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی نیسان 2025، دوو ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئۆپۆزسیۆنی دەستگیر کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی هەڕەشەکردن و ڕەشبگیری.
تیمور سۆیکان و موراد ئاگریل، بە ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە و هەڵوێستی ڕەخنەگرانەیان بەرامبەر بە سیاسەت و دامەزراوەکانی حکوومەت، ناسراون.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی دادگا، دادگای چوارەمی تاوانەکانی ئیستەنبوڵ فەرمانی پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ڕۆژنامەنووسان پەسەند کرد، کە ڕێگەی بە دەستبەسەرداگرتن و پشکنینی ئامێرە دیجیتاڵییەکان داوە، لەوانە کۆمپیوتەر و هارد دیسک و مۆبایل.
بڕیارەکە، لەسەر داوای سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ دەرچووە و بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە بەپێی مادەکانی یاسای سزادان کە تایبەتە بە "هەڕەشە" و "ڕەشبگیری".
ئاگرێل، نووسەری چەندان کتێبە لەسەر پەیوەندییە گوماناوییەکانی نێوان مافیا و دامەزراوەکانی دەوڵەت. ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ڕاپۆرتەکانیانەوە ڕووبەڕووی فشاری یاسایی بوونەتەوە.