ئێران: سزاکانی ئەمەریکا کاریگەریی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانمان نەبووە

محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی کۆمەڵەی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی نەبووە، ئەمەش بەهۆی پشتبەستن بووە بە تواناکانی خۆمان.
پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، محەممەد ئیسلامی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاد، ئێمە بەدەست سزاکانەوە گرفتارین، هیچ وڵاتێک هاوکاریمان ناکات، ناتوانین هاوکارییەکان وەربگرین یان تەکنەلۆجیا بگوازینەوە وڵاتەکەمان، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو شتانەی دەمانەوێت، لەناوخۆ بەدەستی دەهێنین.
ئاماژەی بەوەش کرد "زەقکردنەوەی ئەوەی کە کێشە لە نێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نێودەوڵەتیدا هەیە، یاریی سیاسییە".
محەممەد ئیسلامی گوتیشی: ئێران، لە ڕووی توانا ئەتۆمییەکانییەوە، لە ڕیزبەندی 10 وڵاتی گەورەی جیهانە، جیاوازییەکەی لەوەدایە، سەرەڕای نەبوونی هیچ پشتیوانییەکی دەرەکی، پەرە بە بەرنامەکەی دەدات."
سەرۆکی کۆمەڵەی وزەی ئەتۆمی ئیران، سزا ئەتۆمییەکانی بە "بێبنەمای یاسایی" وەسف کرد.
محەممەد ئیسلامی، باسی لەوەش کردووە، بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، سەردانی تاران بکات.
ڕۆژی 30ـی ئادار، میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئێران کردووە، ئەگەر لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا بژاردەی سەربازی بەکار دەهێنن.