سەردەمانێک ڕەنگی ئۆقیانووسەکانی جیهان سەوز بوون
توێژینەوەیەکی نوێی زانایانی ژاپۆنی ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای دروستبوونی زەویدا، ڕەنگی ئۆقیانووسەکان سەوز بوونە، نەک وەک ئەمڕۆ شین، دۆزینەوەکە لە گۆڤاری زانستی بەناوبانگی سروشت بڵاو کراونەتەوە.
بەپێی توێژینەوەی توێژەران، نزیکەی سێ لەسەر چواری ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە. هەر بۆیە هەسارەکەمان کاتێک لە بۆشایی ئاسمانەوە سەیر دەکرێت وەک "خاڵێکی شین کاڵ" دەبینرێت، بەڵام ملیارەها ساڵ لەمەوبەر، ئەو دیمەنە سروشتییە تەواو جیاواز بووە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، بنەمای ئەم جیاوازییە لە پێکهاتەی کیمیایی زەریاکان و پەرەسەندنی فۆتۆسێنتێزدایە. ملیارەها ساڵ لەمەوبەر ئۆکسجین لە بەرگەهەوای زەویدا نەبووە. ژیان تەنیا لە زیندەوەری تاکە خانەیی لە زەریاکاندا پێکهاتبوو.
ئاسن کە لە وشکانیەوە بەهۆی بارانەوە دەگوازرایەوە لە ڕێگەی ڕووبارەکانەوە دەگەیشتە ئۆقیانووسەکان. سەرەڕای ئەوەش، چالاکییە گڕکانەکان لەسەر بنی دەریاکان بڕێکی زۆر ئاسنیان بۆ ئۆقیانووسەکان دابین دەکرد. ئەم پرۆسەیە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە داڕشتنی ڕەنگی ئاوی ئۆقیانووسەکاندا.