قایمقامی چەمچەماڵ: بە بڕینی قووتی خەڵک کورد ئەنفال دەکرێت

ڕەمەک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ
ڕەمەک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ

قایمقامی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت: ئەنفالکردنی کورد بەردەوامە و ئێستەش بە بڕینی قووتی خەڵک کورد ئەنفال دەکرێت.

پێنجشەممە، 10-04-2025، ڕەمەک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ لە کاتی بەشداریی لە سیمنارێکدا ڕایگەیاند "بەشێک لە عەرەب، سەرباری ئەنفالکردنی کورد، هێشتا لە دژایەتیمان بەردەوامن. ئێستاش بەردەوامن لە ئەنفالکردنمان، ئەویش لە ڕێگەی بڕینی قووت و مووچەی خەڵکەوە."

وەکوو ئەوەی قائیمقامی چەمچەماڵ لە بــەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کرد، دەسەڵاتدارانی بەغدا، جیاوازی لەنێوان کورددا ناکەن و هەمووان بەیەک چاو سەیرمان دەکەن. جەختیشی لە پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکوو ئێستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس نەکردووەنەتەوە، ھێشتا بەشێکی زۆری ڕووفاتەکان نەھێنراونەتەوە لە کاتێکدا دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق هەن و ڕووفاتی  کوردانی ئەنفالکراویان تێدایە.