لە ڕیزبەندیی پاکیی ئاوی خواردنەوە، عێراق لە پلەی 83ـەمین دێت
لە ڕیزبەندیی پاکیی ئاوی خواردنەوە، لە کۆی 180 وڵاتی جیهان، عێراق لە پلەی 83ـەمین دێت. لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی 10ـەم دێت.
پەیمانگەی "ئی پی ئی"ـی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا، ڕیزبەندی ئەو 180 وڵاتەی بڵاو کردەوە کە ساڵی ڕابردوو (2024) پاکترین و پیسترین ئاوی خواردنەوەیان هەبووە.
هەر یەکە لە فینلاندا، ئەڵمانیا، یونان، ئیرلەندا، ئیتاڵیا، سویسرا، بەریتانیا و ئەمەریکا پلەکانی یەکەمیان گرتووە بەوپێیەی لە کۆی 100 خاڵ، 100ـیان بەدەست هێناوە و باشترین کوالیتیی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کوالیتیی ئاوی عێراق بۆ خواردنەوە لە ڕیزبەندیی ئەو 180 وڵاتە، لە پلەی 83ـەمین دێت، بەوپێیەی لە کۆی 100 خاڵ، 57.4 خاڵی وەرگرتووە. هەروەها لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، لە پلەی 10ـەیەم دێت.
ڕیزبەندیی وڵاتانی عەرەبی بۆ پاکترین ئاوی خواردنەوە:
1. کوێت
2. قەتەر
3. ئیمارات
4. بەحرەین
5. ئوردن
6. عوممان
7. سعوودییە
8. جەزائیر
9. تونس
10. عێراق
11. لوبنان
12. میسر
لە ڕیزبەندییەکەدا، چاد خراپترین ئاوی خواردنەوەی هەیە، بەوپێیەی لە کۆی 100، تەنها 4.6 خاڵی بە دەست هێناوە. دوای ئەویش، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست دێت و تەنها 9.2 خاڵی بە دەست هێناوە.