ترەمپ دەرفەتێک دەداتە ناتانیاهۆ بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ‌‌غەززە

ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دەرفەتی داوەتە بنیامین ناتانیاهۆ،  سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەماوەی دوو، یاخود سێ هەفتە، کۆتایی بە شەڕی ‌‌غەززە بێنێت.
ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییە ئاشکرای کردووە، دوای ڕۆژێک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەو میکانیزمە کرد کە سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازی کردووە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس.
ناتانیاهۆ پێش گەڕانەوەی بۆ ئیسرائیل، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: سەرۆک(دۆناڵد ترەمپ) سەیری کردم و بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەم پیاوە هەموو کات کار دەکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام ئێوارەی چوارشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا لە پشتی پەردەوە ئارامیی لەدەست داو کار لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەکات کە بەم زووانە ببێتە هۆی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە.

سەرچاوەکانی ئەمەریکا بە خێزانی بارمتەکانیان ڕاگەیاندووە، پرسی ئازادکردنی بارمتەکان لە سەرووی کارنامەی کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی ئەو دوو سەرکردەیە بووە لە کۆشکی سپی.
ئاماژەشیان بەوە کردووە، ئەمەریکا فشار لە ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی بە ڕێککەوتن بگات لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، ئامانجیش لێی کۆتایی هێنانە بە شەڕی غەززە، چونکە پرسەکە بەستراوەتەوە بە ئێران و دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی کە بەشێکە لەو پلانەی ئەمەریکا هەیەتی بۆ جێبەجێکردنی.