ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو کەسەی لە ڕێوڕەسمی جەژنی ئەکیتۆ لە دهۆک، بە ساتور هێرشی کردە سەر هاووڵاتییان، هەڵگری بیروباوەڕی داعش بوو، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە ئەو کارەی ئەنجام داوە.
پێنجشەممە 10ـی نسیانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشە تیرۆرستییەکەی 1ـی نیسانی 2025ـی ڕێوڕەسمی جەژنی ئەکیتۆ لە شاری دهۆک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا کە خەڵکی پارێزگای دهۆک بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی جەژنی ئەکیتۆ دەکرد، کەسێک بە ساتور لە ناو بازاڕ هێرشی کردە سەر هاووڵاتییان و دوو کەسی بریندار کرد.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت: دەستبەجێ هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک کەسی هێرشکەریان دەستگیر کرد کە خەڵکی سووریایە.
ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکە ناوەی لوئەی عەبدولڕەحیم ڕەمەزانە، ناسراو بە 'ئەبو جوهەیمان باغۆزی'، خەڵکی سووریایە و لەدایکبووی ساڵی 2003ـیە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: پاش لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتباری دەستگیرکراو، دەرکەوت هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆرستانی داعشە و لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی سەرکردایەتی داعش، ئەو کردەوە تیرۆرستییەی ئەنجام داوە.