فراکسیۆنە کوردییەکان بەردەوامن لە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق
ژووری فراکسیۆنە کوردییەکان تاوەکوو ئێستا بە چۆلی ماوەتەوە و نوێنەرانی کورد دەڵێن: تاوەکوو دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەدرێت بەردەوام دەبن لە بایکۆت.
پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سوورین لەسەر ئەوەی نەچینە هیچ دانیشتنێکی ئاسایی پەرلەمان، تاوەکوو دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە دانیشتنی یەکەمەوە بەبێ هیچ بەرانبەرێک.
لەلای خۆیەوە ئەحمەد فەواز، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی گوت: بارودۆخی سیاسی لەنێو پەرلەمان وایکردووە جیاوازی بیروبۆچونی سیاسی هەبێت و هیواداراین فراکسیۆنە کوردییەکان بگەڕێنەوە نێو دانیشتنەکان و دەنگ لەسەر بە پاڕێزگابووونی هەڵەبجە بدرێت، چونکە هەڵەبجە شایەنی ئەوەیە.
لەم خولەی پەرلەمان 100پەرلەمانتار پابەندی دانیشتنەکان نەبوونە، وەک پەرلەمانتارەکانی لایەنەکانی دیکە باسی دەکەن، بایکۆتکردنی فراکسیۆنە کوردییەکان کاریگەریی لەسەر دانیشتنەکان دروست کردووە.