ئێران: دەرفەتێکی ڕاستەقینەی دیپلۆماسی بە ئەمەریکا دەدەین

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: وەک نیازپاکی، دەرفەتێکی ڕاستەقینەی دیپلۆماسی لە گفتوگۆکانی عوممان بە ئەمەریکا دەدەین و لەسەریانە ڕێز لەو بڕیارە بگرن سەرباری لێدوانە دوژمنکارییەکانیان.

بڕیارە سبەی شەممە 12ـی نیسانی 2025، شاندی دانووستنکاری ئەمەریکا و ئێران لە مەسقەت، لەبارەی دۆسیەی چەکی ئەتۆمی ئێران کۆببنەوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند: تیمەکانی لەگەڵ ئێران دەست بە گفتوگۆ دەکەن.

سبەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف لە مەسقەتی عوممان کۆدەبنەوە .

پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو، دانووستانەکان ڕاستەوخۆ دەبن، بەڵام عراقچی دووپاتی کردەوە کە دانووستانەکە ناڕاستەوخۆیە.

بەر لەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە سبەی بکرێت، ئەمەریکا سیاسەتی فشاری زیاتر بەرانبەر ئێران دەگرێتە بەر بە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران کە دوا جار سێکتەری نەوت و پرۆژە ئەتۆمییەکەی گرتەوە.

ترەمپ ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو ئاماژەی بە بژاردەی سەربازیی دژی ئێران کرد لە ئەگەری نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە.