هاووڵاتییانی غەززە دووچاری قەیرانی ئاو بوونەتەوە
بەهۆی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە هەفتەی ڕابردوو، 70%ـی کەرتەکە بێ ئاو بوونە، بەمەش هاووڵاتییان سەرەڕای کەمی پێداویستیی خۆراکی، دووچاری کەمئاوی بوونەتەوە.
هەینی 11ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی شارەوانیی کەرتی غەززە بڵاوی کردەوە، بەهۆی هێرشە زەمینییەکانی ئیسرائیل لە هەفتەی ڕابردوو و پچڕانی سەرچاوەی ئاوی پاکی ناوچەکە، سەدان هەزار هاووڵاتیی لە کەرتی غەززە بێ ئاو بوونە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، دوای هێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی شوجاعییە لە ڕۆژئاوای کەرتی غەززە، بۆریەکانی ئاوی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە و بەمەش هاووڵاتییان ناچاران چەندان کیلۆمەتەر ببڕن بۆ ئەوەی لە ناوچەیەکی دیکە بڕێکی کەمی ئاوییان دەست کەوێت.
فاتن نەسار، ژنێکی تەمەن 42 ساڵ و خەڵکی غەززەیە و دەڵێت: “لە ئەمڕۆ بەیانییەوە چاوەڕێی ئاو دەکەم و هیچ وێستگەیەکی ئاو نییە، هەروەها هیچ تانکەرێکی ئاویش نایەت و دەروازەکانیش داخراون، هیواداریشم ئەم شەڕە بە زوویی کۆتایی بێت.
لای خۆیەوە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات فشار لە ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی ڕێگەبدەن هاوکارییەکان بگەنە کەرتی غەززە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ئەو بۆرییەی کە شکاوە 70%ـی ئاوی کەرتی غەززەی دابین دەکات، ئەمەش دوای ئەو دێت کە زۆربەی بیرە ئاوەکانی کەرتەکە بەهۆی شەڕەوە لەناوچوون.
سوپای ئسرائیل لە هەفتەی ڕابردوو دانیشتوانیی گەڕەکی شوجاعییەی ئاگادار کردبووەوە کە بەهۆی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی زەمینی ناوچەکە چۆڵ بکەن، بەمەش هەزاران کەس ناچارکران ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و بەڕەو ناوچەیەکی دیکەی کەرتەکە بڕۆن.