شاندی دەم پارتی بۆ چوارەم جار دەچێتەوە ئیمرالی
شاندی دەم پارتی بۆ چوارەم جار دەچێتەوە ئیمرالی و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان بە ئۆجەلان دەگەیەنێت.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پرۆسەی نوێی ئاشتی، خێراتر هانگاو دەنێت.
بوڵدان ئـــەوەشی خـــستە ڕوو، بۆ گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بە ئۆجەلان، بەم نزیکانە دەچنەوە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ دەبنەوە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی شاندی ئیمرالی، بۆ ئەوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بەرەو پێشەوە بچێت و بەردەوام بێت، پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێت و پەرلەمان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکان و دروستکردنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی، ئەم هەفتەیە لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆ دەبنەوە.
دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، 10ـی نیسان 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) پێشوازیی لە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد.
شاندی دەم پارتی پێک هاتبوون لە سڕری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرورین بوڵدان، پەرلەمانتاری وڵاتەکە. هەروەها هەریەكە لە ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای میت و ئەفكان ئاڵا، جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، کە نزیکەی کاتژمێریک و 30 خولەکی خایاند.
دوای کۆبوونەوەکە، دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێیی، بنیاتنەر، بەرهەمدار و هیوابەخش بۆ داهاتوو بەڕێوە چوو. شاندەکەمان لە قۆناغی داهاتوودا بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە لە کارەکانیان بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا بەردەوام دەبێت. بە شانازییەوە هەموو دانیشتووانی وڵاتەکەمان ئاگادار دەکەینەوە، کە ئێمە ئەمڕۆ لە دوێنێ گەشبینیترین بۆ سەرخستنی پرۆسەی نوێی ئاشتی."
