سوودانی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر هێنا و گەڕایەوە بەغدا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

شەممە 12ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.

دواتر هەردوو سەرۆک وەزیران لە هۆڵی پێشوازیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ ماوەی نزیکەی 15 خولەک گفتوگۆیان کرد. پاشان سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو پیرمام بە ڕێ کەوت و لەوێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و سوودانی

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: لە دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا.

پە پێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک بارزانی و سوودانی، جەختیان لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كردەوە.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ستایشی سیاسەتی هاوسەنگیی حکوومەتی فیدراڵی بەرانبەر بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، پابەندبوونی بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان کردووە. 

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆک وەزیران سوودانی

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.

هاوکات جەختیشیان لە پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە پێی دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان کردەوە.

سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ناوچەکەش، هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و چارەکردنی هەر کێشە و ناکۆکییەک لە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ .

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر هێنا و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕایەوە بۆ بەغدای پایتەختی عێراق.

 
 
Fly Erbil Advertisment