بەشیر حەداد: سوودانی دەیەوێت لایەنە کوردییەکان پشتگیریی بکەن تا ببێتەوە سەرۆک وەزیران

د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: سوودانی دەیەوێت هەرێم یارمەتیدەری عێراق بێت بۆ ئەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی جیهانی لەسەر کەم بێتەوە. هەروەها سوودانی دەیەوێت  لایەنە کوردییەکان پشتگیریی بکەن تا دووبارە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

شەممە 12ـی نیسانی 2025، د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە ڕوویداوە، ئەم گۆرانکارییانە هەموو جیهانی گرتووەتەوە، بە تایبەت زۆرترین کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە.

بە بڕوای بەشیر حەداد، هەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە جیهانی گرتووەتەوە وای لە سوودانی کردووە کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمەکە کۆبێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، سوودانی دەیەوێت هەرێم یارمەتیدەری عێراق بێت بۆ ئەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی جیهانی لەسەر کەم بێتەوە.

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نەیشاردەوە کە کێشەکانی نیوان هەولێر و بەغدا، بە تایبەتی لەبارەی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، یەکێکی دیکە بووە لەو هۆکارانەی کە وای کردووە سوودانی سەردانی هەولێر بکات.

دەشڵێت: سوودانی دەیەوێت دووبارە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ لایەنە کوردییەکان دروست بکات و بۆ ئەوەی دووبارە پشتگیری بکەنەوە.

حەداد، هەر لەبارەی سوودانییەوە، ڕایگەیاند: سوودانی تا ئێستا نەیتوانیوە پێگەی خۆی لە عێراق بەهێز بکات، نەیتوانیوە ببێتە سەرۆک وەزیرانێک کە سەرجەم بڕیارەکانی لە وڵاتەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێن، با تایبەتی چارەکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی، سوودانی تا ئێستاش لەژێر کاریگەریی میلیشیاکانە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: ئەمەریکا هەندێک داوای لە حکوومەتی عێراق هەبووە، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبییە، بەڵام سوودانی تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات.

لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، د. بەشیر حەداد، جەختی لەوە کردەوە، کێشە یاساییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت نەماون، بەڵام تەنیا کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان ماوەن کە دەیانەوێت گەرەنتی لە حکوومەتی عێراق وەرگرن بۆ ئەوەی هەم قەزەکانیان پێ بدرێتەوە، هەم لە ڕێککەوتنەکانی داهاتووش پارەیان بە بێ کێشە پێ بدرێت.

د. بەشیر حەداد، لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لە پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کرد و گوتی: لایەنە کوردییەکان و بەشێکیش لە لایەن عەرەبییەکان کێشەیان نییە لەسەر دەنگدان لەسەر ئەو پرسە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەندێک لە لایەنە عەرەبییەکانی دیکە، داواکاری بە پارێزگابوونی شارۆچەکەکانی خۆیان بە پرسی هەڵەبجە گرێداوە، بۆیە ڕێگریی دەکرێت لە پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە. باسی لەوەش کردووە، پرسەکە بە سیاسی کراوە.

سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر

شەممە 12ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێرقی فیدراڵ، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمەکە پێشوازیی لێ کرا.محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و سوودانی ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا."

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كردەوە.

هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێدکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بوو.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سوودانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەردوولا وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.

هاوکات جەختیشیان لە پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە پێی دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان کردەوە.

سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ناوچەکەش، هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و چارەکردنی هەر کێشە و ناکۆکییەک لە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ .

 
 
Fly Erbil Advertisment