سێشەممە پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن

ئەندامێکی شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، سێشەممەی داهاتوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەندامێکی شاندی باڵای یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، بە کوردستان24 ڕاگەیاند، ڕەشنووسی پێکهێنانی حکوومەت تەواو بووە و دەبێتە بنەمای کاری پێکەوەیی بۆ چوار ساڵی داهاتووی حکومڕانیی لە هەرێمی کوردستان.
ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەت دەکەن.
گوتیشی: کۆبوونەوەکانی ڕابردووی هەردوو شاند، تایبەت بوون بە ئامادەکردنی ڕەشنووسێک و بەهیچ جۆرێک دابەشکردنی پۆستەکان قسەی لەسەر نەکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24، پۆستەکان بۆ سێ ئاست دابەش کراون، ئاستی یەکەم سەرۆکایەتییەکان، ئاستی دووەم وەزارەتە سیادییەکان و ئاستی سێیەم وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان دەگرێتەوە.
دوێنێ شەممە 12ی نیسانی 2025، دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لهبارهی كۆبوونهوهكانی پارتی و یهكێتی بۆ پێكهێنانی حكوومهت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ڕەشنووسی لێکتێگەیشتن پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئامادە کراوە و، لە داهاتوویەکی نزیک کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی پۆستەکان یەکلایی بکەنەوە.
گوتیشی: دەمانەوێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کورد یەکدەنگ بێت و دژایەتی یەکتر نەکەن، چونکە بەیەکگرتووی دەستکەوتی زیاتر بەدەست دەهێنن.
دەشڵێت: سوودانی چاوی لەوەیە جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەروەها ناوبراو رۆژی چوارشەممە سەردانی سلێمانی دەکات.