پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەمنیی شاندی باڵای عێراق و تورکیا بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەمنیی شاندی باڵای تورکیا-عێراق، لە پەراوێزی چوارەمین کۆڕبەندی دیبلۆماتی ئەنتاڵیا بەڕێوە دەچێت و بە گوێرەی پێشبینییەکان، ڕەنگە باسی پرسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال بکرێت و تورکیا جەخت لە ئاسایشی سنوورەکانی بکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، میدیای فەرمی تورکیا بڵاوی کردەوە، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیبلۆماتی ئەنتاڵیا، پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەمنیی شاندی باڵای عێراق و تورکیا بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی دەرەوە، فوئاد حوسێن و هاکان فیدان بەڕێوە دەچێت.
هەروەها لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی بڵاو کراوەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و دەزگای هەواڵگریی هەردوو وڵات بەشدار دەبن و جەخت لە پتەوکردنی ئەو لێکگەیشتنەی تورکیا لەگەڵ عێراق هەیەتی لە بواری ئەمنی و بەتایبەتی لە شەڕی دژی پەکەکە، بە وردی گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا، لایەنی تورکیا جەخت لە بڕیاری لایەنی عێراقی بکاتەوە بۆ ناساندنی پەکەکە وەک "ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو"، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کاردانەوەی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، بۆ چەک دانانی پەکەکە لە عێراق و ناوچەکە تاوتوێ بکرێت.