سەرۆکایەتیی کۆمار داوا لە پەرلەمان دەکات یاسایەک بۆ قەرەبوکردنەوەی دارایی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەربکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، یاسایەک بۆ قەرەبووی دارایی و مەعنەوی بۆ بنەماڵەی ئەنفالکراوان دەربکات.

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ساڵڕۆژی تاوانی ئەنفال، یەکێکە لەو تاوانە قێزەونانەی کە ڕژێمی پێشوو دژی گەلی کورد کردی، کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 180 هەزار منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو." جەختیشی کردەوە "ئیدانەی توندی ئەم تاوانە قێزەونە دەکەین کە تاوانی جینۆسایدە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێمانوایە خوێنی شەهیدان پایەی بنەڕەتی سیستەمی دیموکراسیمانە، داواشی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، یاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، لە ڕووی دارایی و مەعنەوییەوە دەربکات."

لەبەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "پێویستە تاوانی ئەنفال وەک تاوانێکی نێودەوڵەتیی جینۆساید دانی پێدابنرێت، هەروەها پیویستە نوێنەرایەتیی هەمیشەییمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی پێویست و بایەخ بدات، بۆ ئەوەی ئەم تاوانە وەک تاوانێکی جینۆسایدی نێودەوڵەتی بناسرێت و بەفەرمی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدابنرێت."

لەکۆتاییدا داواشی لە "گەلی عێراق و عەرەب و کورد و شیعە و سوننە و مەسیحی و تورکمان و هەموو پێکهاتەکانی دیکە کرد، یەکبگرن و پابەندبن بە سیستەمی دیموکراسیەوە، کە گەرەنتی ئاشتی و دادپەروەری و پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقدا دەکات."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment