پاڵەوانە كوردەكەی جیهان گەیشتە هەرێمی كوردستان

لە یەكەمین لێدوانی دا باسی كریستیانۆ رۆناڵدۆی كرد

عەگید كابایێل پاڵەوانی بۆكسێنی كورد لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ
عەگید كابایێل پاڵەوانی بۆكسێنی كورد لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ

 عەگید کابایێل، ئەو بۆکسێنەرە كوردەی بە ئامادەبوونی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ توانی شكست بە یەكێك لە ڕكابەرە سەرسەختەكانی بهێنێت و ئەمڕۆش بە سەردانێك گەیشتە هەرێمی كوردستان.
 عەگید كابایێل، دوو مانگ پێش ئێستا بووە پاڵەوان دەبلیو بی سی، كاتێك لە دوایین قۆناغی یەكلاكەرەوەی پاڵەوانێتییەكە شكستی بە ڕكابەرەكەی هێنا و پلەی یەكەمی لە جیهان لەسەر ئاستی ئەو كێبڕكێیە بەدەست هێنا. لە سەرەتای ئەمساڵیش، عەگید، لە سعوودیە بە ئامادەبوونی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بووە پاڵەوانی بۆكسێنی جیهانی و لە قۆناغی كۆتایی شكستی بە "پیاوە زەبەلاحەكە"ـی جیهان هێنا.
ئەمرۆ دووشەممە، 14 نیسانی 2025، عەگید كابایێل لە  فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە یەكەمین لێدوانیشی دا بۆ كوردستان24، ڕایگەیاند كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هاوڕێی ئەوە و باشترین یاریزانی مێژووە.


 عەگید، تا ئێستا بەشداریی 36 شەڕی کردووە و تامی دۆڕانی نەکردووە، بۆکسێنەرە كوردەكەی خەڵکی باکووری کوردستانە لە دوایین پاڵەوانێتی بەشداریی لە پاڵەوانێتی جیهانی WBC کرد، پاڵەوانێتییەکە لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەچوو، لە قۆناغی شەشەم و کۆتاییدا، عەگید لە کێشی قورس هەمووانی شۆک کرد و توانی ژیلی ژانگی چینی ناسراو بە (زەبەلاحە چینییەکە) تووشی شکست بکات و لە کێشی قورس بووە پاڵەوان.
 عەگید كاباییل، بۆكسێنەری كورد لە ساڵی 1992 لە شاری لیڤەرکوزنی ئەڵمانیا لەدایک بووە و لەبەر ئەمەش بە نوێنەرایەتیی ئەڵمانیا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکان دەکات، خێزانەکەی لە ناوچەی پازارچیک لە مەرەشی باکووری کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا کۆچیان کردووە. عەگیت لە ساڵی 2011 دەستی بە یاریکردن کردووە و چەندین نازناوی بەدەست هێناوە و یەکێکە لە بۆکسێنەرە دیارەکانی ئەوروپا.