بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: بەنداوەکەمان مەترسیی وشکەساڵیی لەسەر نییە

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕایگەیاند، سەرەڕای کەمیی باران و ئەو وشکەساڵەی ئەمساڵ هەبووە، بەنداوەکەیان لە بارودۆخێکی باشدایە و مەترسی وشکەساڵیی لەسەر نییە.

سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە پانێڵێکی تایبەت بە مەترسییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سامانی ئاو لە شاری سلێمانی، ڕایگەیاند، بەنداوی دەربەندیخان بۆ ئەمساڵ مەترسی وشکەساڵی لەسەر نییە و بە ڕێژەی 69% ئاوی گلداوەتەوە.

لەبارەی کاریگەری وشکەساڵی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان گوتی: بەراورد بە بەنداوەکانی دیکەی عێراق بارودۆخی بەنداوەکە لە ئاستێکی باشدایە، چونکە هەموو بەنداوەکانی دیکەی عێراق لە بارودۆخێکی زۆر خراپ دان.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، سەرەڕای ئەو وشکە ساڵییەی هەیە، نزیکەی 14 بەنداو  و ژمارەیک پرۆژەکانی دیکەی لەسەر ڕووباری سیروان دروست کراون، کە ئەمەش وایکردووە ئەو 70%ـی ئاوەی لە دەرەوەی سنوور دەڕژێتە بەنداوەکە بە ڕادەیەکی زۆر، کەم بکات.

سامان ئیسماعیل، باسی لەوەش کرد، ڕووبەری ئەو ناوچەیەی ئاو گل دەداتەوە لە بەنداوی دەربەندیخان نزیکەی 17 هەزار و 850 کیلۆمەتر دووجایە، کە ئاو بۆ نزیکەی 4 ملیۆن کەس بە مەبەستی خواردنەوە و کشتوکاڵ دابین دەکات.

گوتیشی: بەگوێرەی داتاکان لە ماوەی 64 ساڵی ڕابردوودا، 16 ساڵ کەمتر لەو ڕێژەی ئێستا ئاو لە بەنداوەکە گلدراوەتەوە، هاوکات نزیکەی 14 جاریش سەرڕێژ بووە.

باسی لەوەش کرد "بەنداوی دووکان و دەربەندیخان دوو پرۆژەی ستراتیجیی هەرە گەورەن لەسەر ئاستی عێراق،  کە 30% ئاوی گلدراوەی هەموو عێراق پێک دەهێنن، جگە لە کوردستان."

بەنداوی دەربەندیخان، دەکەوێتە قەزای دەربەندیخان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، ساڵی 1961دا لەسەر ڕووباری سیروان دروست کراوە و، توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.