سوودانی بۆ سەرۆکی یانەی دهۆک: ئاستی یانەکەتان جێگەی شانازیی هەموومانە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ یاریزان و ستافی یانەی دهۆک دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: یاری کۆتایی جامەکە ببەنەوە، پاداشتتان دەکەین. 

سێشەممە، 15-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ د. عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک کرد. 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 15-04-2025، کاتژمێر 07:45 خولەک، یانەی وەرزشیی دهۆک لەسەر یاریگای خۆی، لە یاریی دووەمی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، ڕووبەڕووی یانەی قادسییەی کوێتی دەبێتەوە. یاری یەکەم بە ئەنجامی (0-0) کۆتایی هات و دهۆک چاوی لەوەیە وەکوو یەکەم یانەی عێراقی، نازناوەکە بباتەوە و مێژوو بنووسێتەوە. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکی یانەی دهۆکی ڕاگەیاند "پیرۆزبایی و شانازیتان پێوە دەکەین کە گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو. ڕێز و پێزانینم بگەیەنە هەموو یاریزان و ئەندامانەی دەستەی ڕاهێنەرایەتی و کارگێڕیی یانەکەتان."

شەممە 12ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکی یانەی دهۆکی گوت: "وەکوو خۆشتان دەزانن ئەمڕۆ تۆپی پێ گرنگییەکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی عێراقی هەیە. بەڵێنم بە جەنابی سەرۆک بارزانی و برای بەڕێزم مەسرور بارزانی دابوو، ئامادەی یارییەکە ببم، بەڵام بەداخەوە پابەندبوونێکی لەناکاوم بۆ هاتەوە پێشەوە و ناتوانم ئامادە بم. یارییەکە زۆر گرنگە بۆ هەموو عێراقییەکان."

سوودانی ئاماژەی بەوەش دا "دەمەوێت بە ئاست و ڕۆحی وەرزشییانە لەگەڵ برایانی کوێتیمان، گەلی عێراق دڵخۆش بکەن. هەموو کاتێک یانە وەرزشییەکان ڕادەسپێرم لەم بۆنانەدا پلانی ڕاهێنەر بە وردییەوە جێبەجێ بکەن. هەڵوێستتان هەڵوێستێکی ئازایانە و تیمەکەتان نایابە. لە خول و یارییەکانی ئەم خولە ئاستەکەیمان بینیوە. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و هەموو کاتێک ئەم قسەیە بۆ وەرزشوانان دووبارە دەکەینەوە، بردنەوە لەسەر ئێوە و پاداشتکردن و پاڵپشتیش لەسەر ئێمە.  پشت بە خوا لە بەغدا یەکتر دەبینینەوە و لەگەڵ ئێوە ئاهەنگی بردنەوەی جامەکە دەگێڕین."