میری ئێزدییان داوای ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی شکۆمەندانەی خەڵکەکەی دەکات
حازم تەحسین، میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ڕووحانی ئێزدییەکان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی ئێزدی، داوا دەکات، شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکەکەی قەرەبوو بکرێتەوە بۆ ئەوەی شکۆمەندانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، حازم تەحسین، میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ڕووحانی ئێزدییەکان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، بەبۆنەی سەری ساڵی ساڵی ئێزدی، پیرۆزبایی لە ئێزدیانی کوردستان و عێراق و جیهان کردووە، هیوای خواستووە ببێتە جەژنی خێر و خۆشی و ڕێککەوتن بۆ ئێزدیان و تەواوی جیهان.
هەر بەبۆنەوە، میری ئێزدیان داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، یەکێتی ئەورووپا کردووە، چارەسەری کێشەی ئێزدییەکان بکەن، چونکە زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر ژیانی پڕ زەحمەتی هەزاران ئێزدی لەژێر چادر و خێمەی کەمپەکان تێپەڕیووە، دەڵێت: هیوادارین شنگال ئاوەدان بکەنەوە و قەرەبووی ئێزدییەکان بکەنەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی بە شکۆوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵ و ژیانی خۆیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ، چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییان، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ساڵنامەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا سبەینێ چوارشەممە پشووی فەرمی دەبێت و پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025 دەوامی فەرمیی دەست پێ دەکاتەوە.
ساڵانە بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییان بە هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی بە جلوبەرگی ڕەسەن، لە پەرستگەی لالش کۆدەبنەوە و جەژنی ساڵی نوێ و جەژنی چارشەما سۆر دەگێڕن، دەمەو ئێوارەش بە نزا و داگیرساندنی چراکانیان لالش ڕووناک دەکەنەوە.
جیا لە هاووڵاتییانی ئێزدی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەورووپا و وڵاتانی دیکەش بۆ بەشداریی لەم جەژنە سەردانی هەرێمی کوردستان و پەرستگەی لالش دەکەن.