لە ئەندۆنیزیا دوو ژن بە قامچیلێدان سزادران
بەتاوانی "لەشفرۆشیی ئۆنلاین"
K24 - هەولێر
بەتاوانی "لەشفرۆشیی ئۆنلاین" دوو ژن لە ئەندۆنیزیا بەپێی شەریعەتی ئیسلامی دادگایی کران و هەریەکەیان لەنێو خەڵکدا نزیکەی 100 قامچییان لێدرا.
دوو ژنەکە تاوانبارکراون بەوەی لەڕێگەی وێبسایتی سێکسییەوە کاری لەشفرۆشییان کردووە، بەو هۆیەوە لە هەرێمی ئاجە کە تاکە شوێنی ئەو وڵاتەیە زۆرینە موسڵمانن، بەپێی یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی کاردەکات، سزادران.
سزاکە رۆژی دووشەممە (27-7-2020) لە ناوەڕاستی شاری لانگسا جێبەجێکرا، لەکاتی قامچیلێنادنەکەش کۆمەڵێک خەڵک لەدەوریان کۆبوونەوە، هەرچەندە بەپێی یاسا و لەپێناو رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، کۆبوونەوەی خەڵک قەدەغەیە.
هەردوو ژنەکە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ لەگەڵ پێنج کەسی دیکە بە تۆمەتی کاری لەشفرۆشی دەستگیرکراون، بەڵام ئەوان هێشتا سزانەدراون.
حاجی عوسمانەدین، سەرۆکی ئاژانسی شەریعەتی ئیسلامیی لانگسا دەڵێ "ئەو کەسانە دەستگیرکراون بەهۆی ئەوەی سەرپێچییان لە شەریعەتدا کردووە لەڕێگەی بانگەشەکردن بۆ سێکس لە ئینتەرنێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی، حاجی عوسمانەدین دەڵێ "ئەمە یەکەمجارە بە قامچی لە تاوانباران دەدرێت لە لانگسا، بەڵام بڕوامان وایە ژمارەیەکی زۆر کەسی وەک ئەوان هێشتا ئازادانە دەسووڕێنەوە، چونکە ئامرازی پێویستمان نییە بۆ چاودێریکردنی ئینتەرنێت".
گرووپەکانی مافی مرۆڤ رەخنە لە پۆلیس دەگرن لە جێبەجێکردنی ئەوجۆرە سزایانە و دەڵێن نامرۆڤانەیە، هەروەها جۆکۆ ویدۆدۆ، سەرۆکی ئەندۆنیزیا داوای کردووە سزای قامچیلێدانی ئاشکرا نەمێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا سزاکە رەواجێکی زۆری هەیە لەنێو خەڵکی شارەکە.