وه‌زیری پێشمه‌رگه: دۆخه‌كه ته‌واو هه‌ستیاره و ئه‌ركی هه‌مووانه یه‌كڕیز و یه‌كگرتوو بین
"هه‌نگاوی باش نراون و له‌هه‌وڵداین هه‌رچی زووه لەگەڵ بەغدا بگه‌ینه رێكه‌وتن"
K24- هەولێر:
وه‌زیری پێشمه‌رگه رایده‌گه‌ینێت: په‌لامار و له‌شكركێشیه‌كانی سه‌ر سنوور، مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جموجۆڵه‌كانی تیرۆریستانی داعش، پرسی په‌تای كۆرۆنا و قه‌یرانی ئابووری و دۆخی سه‌ختی دارایی هه‌رێم، وا ده‌خوازێت ئێستا له هه‌موو كات زیاتر یه‌ك هه‌ڵوێستتر بین.
ئه‌م گوتانه‌ی شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه 27ی ته‌مموزی 2020 له‌میانی ئاماده‌بوونی له كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بوو، له به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره 6 ی ئاسایی ساڵی دووه‌م له‌خولی پێنجه‌م، كە بریتیی بوو له گفتوگۆكردن له‌سه‌ر (دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدارەی هه‌رێم و ره‌وشی ئێستای ناوچه سنوورییه‌كان).
لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمه‌رگه، لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، له‌په‌رله‌مانی كوردستان راپۆرتی هاوبه‌شی خۆیان خوێنده‌وه و دواتر ده‌رگای پرسیار به‌رووی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان كرایه‌وه.
له‌وه‌ڵامی دۆخی ئێستای ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، وه‌زیری پێشمه‌رگه رایگه‌یاند: دۆخی ناوچه كوردستانیه‌كان باش نیه و به‌رده‌وام له‌هه‌وڵداین له‌گه‌ڵ سوپای عێراقی تا بەیەكه‌وه خاڵی هاوبه‌ش دابنێین، به‌ئامانجی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی له‌و ناوچانه، كه بوونەته مه‌یدانی چالاكی و كار و كرده‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش، گوتیشی: پێشووتر هۆشداریمان داوه، كه پاراستنی سه‌ر و ماڵی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه به‌هه‌موو پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كانیه‌وه له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقی و ئه‌و هێزانه‌یه كه له‌و ناوچانه‌دان.
له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، وه‌زیری پێشمه‌رگه گوتی: هه‌نگاوه‌كان به‌ئاراسته‌یه‌كی باش چوونه‌ته پێش و له‌هه‌وڵداین هه‌رچی زووه بگه‌ینه رێكه‌وتن.
له‌سه‌ر پرسی كار و چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، وه‌زیری پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌ماوه‌ی سالێكی ئه‌ركماندا كاری زۆر و قسه‌ی كه‌ممان كردووه، هه‌ر له‌رێكخستنه‌وه‌ی ته‌شكیلاتی نوێی لیواكان، نه‌هێشتنی ئابوونه‌ی حزبی، ره‌تكردنه‌وه‌ی سزای سیاسی و به‌دیسپلین كردنی ئه‌ركی سه‌ربازی پێشمه‌رگه و جێبه‌جێ كردنی یاسای چاكسازی وه‌زاره‌ت، ئێستاش هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌كانی ناو یاسای چاكسازی په‌یوه‌ست به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه.
له‌به‌رامبه‌ر په‌لامار و پێشێڵكارییه‌كانی سه‌رسنوور، وه‌زیری پێشمه‌رگه گوتی: به‌پێی مادده‌ی 110 ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، حكومه‌تی عێراق پابه‌نده به رێگریكردن له‌هه‌ر ده‌ستدرێژی و پێشێڵكاریه‌ك كه ده‌كرێته سه‌ر سنووره‌كانی.
وه‌زیری پێشمه‌رگه له‌ته‌وه‌رێكی دیكەی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بەوە دا: ئێمه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ینین، دراوسێتی وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن وئاشتیی پاراستنی به‌رژوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا بێت. له‌م ڕوەشه‌وه هه‌میشه سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان داوای چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی بۆ كێشه‌و گرفته‌كان كردووه.
په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته وه‌زیری پێشمه‌رگه روونی كرده‌وه، جێگه‌ی داخه له‌ئه‌نجامی به‌رده‌وامی بۆردومانه‌كان خه‌ڵكی بێتاوانی ئه‌و ناوچانه بوونه‌ته قوربانی و وێڕای زیانی گیانی زۆر، به‌هه‌زاران خه‌ڵك ئاواره بوون و به‌سه‌دان گوند و دێهات وێران كراون، سه‌ڕه‌رای سوتانی پوش و پاوانی هاوڵاتیان، بۆیه هه‌رچی زووه پێویست ده‌كات حكومه‌تی عێراق كه‌ناڵه دیبلۆماسییه‌كانی خۆی به‌گه‌ڕ بخات، تا به‌ر به‌و وێرانكارییه بگیرێت و قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانیش بكرێته‌وه.
وه‌زیری پێشمه‌رگه روونیشی كرده‌وه، چه‌ندین جار به به‌رپرسانی په‌كه‌كه راگه‌یاندراوه، چیتر بیانوو نه‌ده‌نە دەسا توركیا و له‌و ناوچانه دوور بكه‌ونه‌وه، كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به زه‌ره‌ر و زیانی گوندنشینان و دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه ده‌كه‌وێته‌وه، هیواشی خواست، له بری زمانی چه‌ك، زمانی گفتوگۆ و دیاڵۆگ بكرێته بنه‌مای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و شه‌ڕ و ماڵوێرانی له ولاتی ئێمه‌و هه‌موو لایه‌ك دوور بخرێته‌وه.
له‌كۆتایشدا وه‌زیری پێشمه‌رگه رایگه‌یاند، به‌هۆی هه‌ڵومه‌رجی ئێستای هه‌رێم و ناوچه‌كه، په‌لامار و له‌شكركێشیه‌كانی سه‌رسنوور، مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جموجۆڵه‌كانی تیرۆریستانی داعش، پڕۆسه‌ی ته‌عریبی ناوچه كوردییه‌كان، پرسی په‌تای كۆرۆنا و قه‌یرانی ئابووری و دۆخی سه‌ختی دارایی، هه‌رێمه‌كه‌مان له مه‌ترسیدایه‌و، وا ده‌خوازێت هه‌مووان له‌ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی باڵای نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی دابین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دۆخی مه‌ترسیداری ئێستای هه‌ریمی كوردستان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەخت و دژوارە.
H.B