وەزیری دەرەوەی پێشووی سوید: کورد ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئان لیندێ وەزیری دەرەوەی پێشووی سوید ڕایگەیاند: پێویستە یەکێتیی ئەورووپا هاوبەشییەکی ستراتیجی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا.

چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی پێشووی سوید، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24ـی راگەیاند "تاوەکوو ئێستا ڕوون و دیار نییە لە سووریا چی ڕوو دەدات، ڕاستە دیکتاتۆرێک نەماوە، بەڵام دڵنیا نین ئایندەی سووریا چۆن دەبێت."

گوتیشی: هیواخوازم بارودۆخی سووریا باشتر بێت و بۆ لوبنانیش بەهەمان شێوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر دۆخی غەززەیە، هێرشی تیرۆرستی 7ـی تشرینی یەکەم 2023، تۆقێنەر بوو، بەڵام ئەوەی ئیسرائیل دەیکات، بەرگریکردن نییە لەخۆی، بەڵکو تاوانی جەنگە و زیاتر لە 50هەزار فەڵەستینی کوژراون، هەموو غەززە وێران کراوە زۆرینەی ئەوانەی کوژراون خەڵکی سیڤیلن؛ دەبێت دان بە فەڵەستین بنێن وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان کراوە، جێگای دەستخۆشییە و توانیویانە کارێکی باش بکەن، کورد لە عێراق قوربانیی زۆری داوە بەتایبەتی لە شەڕی بەرانبەر داعش.

باسی لەوەش کرد، بەدڵنیاییەوە کورد ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا، هەرێمی کوردستان توانیوویەتی لە زۆر پرسدا ڕاشکاو بیت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.

ئان لیندێ جەخت لەوە دەکاتەوە "هەرێمی کوردستان توانایەکی زۆری هەیە بۆ پێشکەوتن."

 

 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment