ئیدارەی ترەمپ 40 ملیار دۆلار لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەی کەم دەکاتەوە
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە، بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بە نیازە 40 ملیار دۆلار لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی کەم بکاتەوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردەوە، پێشنیازی بڕینی بودجەکە، هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و پێویستە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند بکرێت، هەروەها بڕیارەکە بەشێکە لە جێبەجێکردنی پلانەکەی ئیلۆن مەسک، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی فیدراڵی.
ڕۆژنامەی واشتنن پۆست باسی لەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت ئەو پێشنیازە کاریگەریی لەسەر بودجەی ساڵی دارایی 2026ـی وەزارەتی تەندروستی هەبێت، کە تا ئێستا لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند نەکراوە.
کۆی بودجەی وەزارەتی تەندروستی ئەمەریکا نزیکەی 1.8 تریلیۆن دۆلارە، کە زۆرینەی ئەو خەرجیانە بۆ بیمەی تەندروستی گشتیی دەچێت، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، ئیدارەی ترەمپ دەستی بە داڕشتنەوەی هەیکەلی وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی سەر بەو وەزارەتە کرد، لەئەنجامدا نزیکەی چارەکێکی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتەی لە کارەکانیان دوورخستەوە.