سزای لەسێدارەدان بۆ ئەمیر تەتەلوو دەرچوو

ئەمیر تەتەلوو
ئەمیر تەتەلوو

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەمیر تەتەلوو دەرکرد، ئەویش دەڵێت، پێویستیم بە پارەیە. 

پێنجشەممە، 17-04-2025، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی ئەمیر تەتەلوو، گۆرانیبێژی ئێرانی، بە تاوانی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان دەر کراوە، بەڵام لەلایەن دادگای باڵاوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

ئەمیر تەتەلوو، گۆرانیبێژێکی فارسی ئێرانییە کە بە شێوەیەکی سەیر و جیاواز تاتۆی لەسەر جەستەی خۆی کردووە، ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێڵا و، لە تورکیا نیشتەجێ بوو، ساڵی 2023 پۆلیسی تورکیا دەستگیری کرد و گەڕاندییەوە بۆ ئێران.

تەتەلوو، دوای ئاگاداربوون لە دەرچوونی سزای سێدارەکەی نامەیەکی نووسیوە و تێیدا داوا لەو کەسانە دەکات کە پێشتر ڕیکلامی بۆ کردوون و پارەی کارەکەیان پێ نەداوە، یان بە هەر شێوەیەک لەگەڵی دەرکەوتوون، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا کە ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی هەیە، پارەکەی پێ بدەن، چونکە پێویستی پێیەتی. ئەگەر فریای خۆیشی نەکەوتن، پارەکە بدەن بە کەسوکارەکەی، با مافی بەسەریانەوە نەمێنێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment