سلێمانی .. لیژنەی باڵای یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەدان

کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.

پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، هاوژین جەمال پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەڕێوەدەچێت و شاندی باڵای پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکوومەت دەکەن، کە بە گوێرەی زانیارییەکان لەسەر شێوازی حکومڕای بۆ چوار ساڵی داهاتوو ڕێککەوتوون.

شاندی پارتی لەلایەن هۆشیار زێباری سەرکردایەتیی دەکرێت و قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی یەکێتی دەکات.

ڕەشنووسی کارنامەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی کوردستان بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت.

بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەتی نوێ تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوانیان دەبێت .

هەر دوێنێ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025،  هۆشیار زێباری سەرۆکی شاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە باشی بەڕێوە دەچن.

هۆشیاری زێباری گوتی: وەرەقەی سیاسی و بەرنامەی حکوومەت کۆتایی هاتووە، ئێستا لە قۆناغی دابەشکردنی پۆستەکانداین.