وەزارەتی دەرەوەی عوممان : لە دانوستانی ڕۆما نێوەندگیر دەبین

وەزارەتی دەرەوەی سەڵتەنەی عوممان جەخت دەکاتەوە لە نێوەندگیرییەکانی دانوستانی ئێران و ئەمەریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی لە ڕۆما بەردەوام دەبێت.

وەزارەتەکە لەمبارەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی نیسانی 2025، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، سەڵتەنەی عوممان لەو گەڕەی دانوستانەکان کە بڕیارە شەممە لە ڕۆما لە نێوان شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمەریکا لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی بەڕێوە بچێت، لە نێوەندگیرییەکانی بەردەوام دەبێت.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عوممان خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە کە بە نێوەندگیریی ئەوان دانوستانەکان لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت و ڕاشیگەیاندووە، بەهۆی لۆجستییەوە شوێنی نوێی گەڕی دووەمی دانوستانەکانیان هەڵبژاردووە.

گەڕی یەکەمی دانوستانی شاندی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی لەگەڵ شاندی باڵای ئەمەریکاش بە سەرۆکایەتیی، ستیڤ ویتکۆف، شەممەی ڕابردوو لە مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەچوو. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ بوون، بەڵام ئاژانسی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکان ئاشکرای کردووە، عراقچی و ویتکۆف زیاتر لە 40 خولەک ڕووبەڕوو، واتە ڕاستەوخۆ قسەیان کردووە.