نەوزاد شێخ کامیل: مانگی 6 دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی کوردستان زیاد بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی نیسانی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ نوێنەرمان لە لیژەنی باڵا وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: لە کوردستان وەرگرتنی گەنم دوا دەکەوێت، چونکە گەنم لە هەرێمی کوردستان درەنگتر پێدەگات وەک لە خوارو ناوەراستی عێراق، بەڵام لە خوارو ناوەڕاستی عێراق گەنم مانگی چوار پێدەگات بۆیە ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی دەکرێت، لە کوردستان جیاوازترە، مانگی شەش گەنم پێدەگات و وەرگرتنی دەست پێدەکات.
دەشڵێت: ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕەکە دیاری دەکەین، دوای ئەوە ئێمە لای خۆمانەوە کۆبوونەوە لەگەڵ سایلۆکان دەکەین بۆ پێداویستی و ئامادە سازیی بۆ وەرگرتنی گەنم.
ئاماژەی بەوەش دا، ساڵی ڕابردوو 700 هەزار تۆنیان بۆ دیاری کردین، بۆ ئەمساڵ بڕیارە 400 هەزار تۆن بێت، بەڵام لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی کوردستان زیاد بکرێت، ئێمە بەو ڕێژەیە ڕازی نابین، چونکە گەنمی کوردستان لەو ڕێژەیە زیاترە کە ئەوان دیارییان کردووە و پێشبینیشی دەکەن.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کرد، لیژنە پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووبەرەی کە کراوە بە گەنم لە کوردستان و لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکرێت، تاکوو ڕێژەکەمان بۆ زیاد بکات و لە کاتی خۆشیدا وەرگیرێت.
نەوزاد شێخ کامیل ڕاشیگەیاند "گەنمی کوردستان زۆرە، ڕاستە لە هەندێک شوێن گەنم کەمە، بەهۆی کەمبارانی، بەڵام لە هەندێک شوێنی دیکە بەهۆی مەڕەشە و ئاودانەوە گەنمی باش چێنراوە و بەرهەمەکەشی زۆر زیاترە لەوەی ئێمە پێشبینی دەکرێت".
ئەمساڵ بە گشتیی ڕێژەیی بارانبارین لە سەرتاسەری هەرێم کوردستان بەراورد بە ساڵی پار کەمتر بوو و ئەمەش دڵڕاوکێی زۆری لەلایەن جووتیار و خاوەن بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دروست بووە، هەروەها نیگەرانیشی لای ئەو جووتیارانە دروست کردووە، بەهۆی ئەو ڕێژەی کە حکوومەتی فیدراڵ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستانی دیاری کردووە.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق زیاتر لە 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئەگەر ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نەرێیی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دەبێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئەو بڕەیەی دیاری کراوە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکرێتەوە.