ئەمەریکا: کەمتر لە هەزار سەربازمان لە سووریا دەهێڵینەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند: نیازی خۆمان بۆ کشانەوەی ژمارەیەکی زۆری سەربازمان لە سووریا ڕادەگەیەنین.
هەینی 18ـی نیسانی 2025، سین پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن"، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەی سەربازەکانمان لە سووریا لە 2 هەزارەوە دەکەینە کەمتر لە هەزار سەرباز.
گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت: لە 10 ساڵی رابردوو هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژی داعش دەستکەوتی گەورەی لە ڕووبەڕوبونەوەی دژی داعش لە سووریا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست هێناوە، بە تایبەتی سێنتکۆم دەیان هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر موڵگەکانی داعش و لەناوی بردوون.
جەختی لەوە کردەوە، پابەندین بە ئاشتی لە ڕێگەی بەهێزکردنی هێزەکانمان، هەروەها سێنتکۆم بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی لە دژی داعش لە سووریا.
سین پارنێل، گوتیشی: لە نزیکەوە کار لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دەکەین بۆ بەردەوامیدانمان بە ئۆپەراسیۆنەکان و کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی داعش لە ناوچەکە.