کۆبوونەوەکەی بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوا خرا
کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی بەغدا، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکەی نێوان نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە، 19-04-2025، لە بەغدا بکرێت، بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: "شاندی وەزارەتەکەمان ئامادە بوو بچێتە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و لای خۆمانەوە هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ئاگادار کراینەوە کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دوا خراوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە میانی بەشداریی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی شەممە، 19-04-2025، کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە لە بەغدا دەکرێت و دەیانەوێت "بە زووترین کات" نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە.
عەبدولغەنی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بنەڕتدا بەشێکە لە بودجەی عێراق، زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لەسەر هێڵین بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی میکانیزیمی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگای بۆریی نەوتی عێراق_ تورکیا، چونکە پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و هەمەچەشنکردنی پشتگیریکردنی سامانی عێراقی و باشترکردنی بۆ هەردوو حکوومەت."
پێشتریش و لە ڕۆژی دووشەممە، 31-03-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوست"ـی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو "ئەپیکور، هەولێر بە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمەتبار دەکات."
ئەپیکور، ڕاگەیەنراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، هەوڵە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بەرز دەنرخێنن.
لە ئاداری 2023ـەوە، بەهۆی بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە. تاوەکوو ئێستا چەند جارێک کۆبوونەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەبووە، بەڵام کۆبوونەوەکان بێئەنجام بوون.