هەزاران فەرمانبەری دیکە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن
ناوی ژمارەیەک فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی، بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕایەوە، بە کۆی گشتی تاوەکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان، 315 هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ ناوی 19هەزار فەرمانبەری دیکە بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕایەوە، هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی ناویان گەڕاوەتەوە بەشێکیان فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆن و بەشێکی دیکەیان فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینن.
سەربەست مەوولود، گوتیشی: 16هەزار ناوی دیکە ماون ئەوانیش پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیە بگەڕێنەوە، دواتر کار لەسەر ناوەکانی دیکە دەکەین.
تاوەکوو ئێستا ناوی 315 هەزار فەرمانبەر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و گەڕاونەتەوە، بەڵام ناوی 100هەزار فەرمانبەری دیکە ماوە.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.