ئیلهام ئەحمەد: دیالۆگ لە چەک باشترە
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: لە دەستووری نوێی سووریا، داوای مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، دەشڵێت: تاکوو دەرفەتی دیالۆگ هەبێت، چەکەکان بێدەنگ دەبن، هەر کاتێک نکۆڵی لە مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوا کرا، بە چەک مافەکانمان دەپارێزین.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی کرد، گوتی: دیموکراتیەتی سووریا، تەنها خەمی گەلی سووریا نییە، پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەنها خەمی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان نییە،هەر کاتێک پرسی کورد لە ڕۆژئاوا گفتوگۆ دەکرێت، پرسی دیموکراتیبوونی سووریا دەخرێتە بەر باس، واتای ئەوەیە پشتگیری چارەکردنی پرسی کورد دەکەن.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر گوتی: ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریا ئێستا لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە، لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەیەی سووریایە، بەشداریی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لەو قۆناغەدا زۆر گرنگە، پەیاننامەیەک ئیمزا کراوە، لەچوارچێوەی ئەو پەیماننامەیە، تەواوی پێکهاتەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشداریی چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، دوای ئەوە کۆمیتەیەک پێک دێت کە لەڕێگەیەوە دەستووری نوێی سووریا دەنووسرێتەوە، بۆیە قۆناغێکی زۆر گرنگ و هەستیار و مێژووییە.
گوتی: پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن و چارەکردنی ئەو کێشانەی پێویستیان بە چارەسەرییە، جیاوازیمان هەیە، ئەگەر دیالۆگ هەبێت چارەسەر دەبێت و ئەو دیالۆگەش هەیە.
ئیلهام گوتی: ئێستا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەیە، سیستەمێکی نا ناوەندی پێویستە بۆ سووریا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، خەڵک بە ئیرادەی خۆیان بەشداریی ئیدارەی سووریا بکەن و خۆیان ژیانی خۆیان ڕێک بخەن، گرنگە خەڵک لە دەستووری سووریا خۆی ببینێتەوە بە هەموو پێکهاتەکانەوە.
دەشڵێت: ئێمە دەمانەوێت لە دەستووری نوێی سووریادا، بە فەرمی دان بە گەلی کورد دابنێن وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سووریا و لەسەر خاکی خۆیدا، لەگەڵ مافی پەروەردە بە زمانی دایک، مافی بەشداریکردنی سیاسی، گوتی: دەمانەوێت ئافرەت لە دەستووری سووریادا خاوەن ماف بێت لە ناوەندە سیاسییەکان و بڕیارەکان.
ئیلهام ئاماژەی بەوە کرد، نابێت ئەو مافانە ڕەت بکرێنەوە و نکۆڵیان لێ بکرێت، ئەو سەردەمەی ئێستا تێیداین، دەبێت فرە ڕەنگی قەبوڵ بکرێت، ئەگەر ئەوە ڕەت بکرێتەوە و هەوڵی حکوومڕانییەکی ناوەندی بدرێت، ڕێگە لەبەردەم شەڕی نوێ دەکەنەوە، ئەوەش بۆ سووریا باش نابێت.
دەڵێت: ئێمە نامانەوێت دەوڵەت ناوەندی بێت، چ ناوێکی لێ دەنێن بینێن، کێشەمان لەسەر ناو هێنان نییە، ئێمە دەڵێین بەڕێوەبردنی خۆسەر، باکووری ڕۆژهەڵات بەشێکە لە سووریا، بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە، جوگرافیا و کلتووری ئەو بەشە تایبەتمەندی هەیە، پێویستە لە دەستووردا ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندییە بکرێت.
ئیلهام گوتی: ئێمە سیستەمی ناوەندی ڕەت دەکەینەوە و قەبوڵی ناکەین، لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدرێت ئەوە بکرێت، لە کاتێکدا ئەوە زۆر مەترسیدارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کاریگەری لەسەر تەواوی پارچەکانی کوردستان دەبێت، لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، گوتی: ئێمە هیواخوازین ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت و تورکیا بۆی بێتە پێشەوە، ئەو پرۆسەیە کاریگەریی زیاتری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە کە هەمیشە تورکیا پرسی پەکەکە دەکاتە بیانوو بۆ شەڕ، ئێستا ئەو پرۆسەیە بە تورکیا دەڵێت: فەرموون پرسی کورد لەسەر مێزە و چارەی بکەن.
ئیلهام گوتی: ئەمەریکا سیاسەتی خۆی بەرامبەر سووریا ڕانەگەیاندووە، بەڵام کاریگەریی لەسەر سووریا زۆر گەورەیە، سزاکان لەسەر سووریا بەردەوامە، تاکوو سزاکان هەڵنەگیرێت، گۆڕانکاری لەسەر سووریا دروست نابێت، بوونی هاوپەیمانان و ئەمەریکا هاوسەنگیەک لەنێوان هێزەکاندا لە سووریا دروست دەکات، پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گرنگە و دەمانەوێت بەردەوام بێت.
لەبارەی هەژموونی ئیسرائیلیش لە سووریا گوتی: هەژموونی ئیسرائیل تەنها لەسەر سووریا نییە، بەڵکو لە ناوچەکە بەگشتی هەیە، ئەوان بەشێکن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلەکەیان لەمێژە لە ناوچەکە هەن.
سەبارەت بە ڕۆڵی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە چارەکردنی زۆرێك لە کێشە و ئالەنگارییەکانی کورد لە ناوچەکە، ئیلهام ئەحمەد گوتی: مەسرور بارزانی لەنێو کورد خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لەبواری سیاسیدا، بەتایبەت لەسەر پرسی کورد و ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی لەسەر کوردن، دەڵێت: مەسرور بارزانی ئەزموونی خۆی بەکارهێناوە لە چارەکردنی ئەو کێشانەی هەن لە ناوچەکە و بەتایبەت لەبارەی کورد، ڕۆڵی ئەو لە دانووستانەکان و بەیەکەوە گرێدانی پارچەکانی کوردستان گرنگە بۆ چارەکردنی کێشەکان، گوتیشی: هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەیە.
دەشڵێت: ئامادەکاری بۆ دیالۆگێکی نیشتمانی کوردی دەکەین، ئێستا ئامادەکاری بۆ بەستنی ئەو دیالۆگە لە قۆناغی کۆتاییە.
لەبارەی کەمپی هۆلیش گوتی: سیاسەتێکی مەودا درێژ بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە نییە، هەندێک وڵات هاوکارن لە بەڕێوەبردنی ، بەڕێوەبردنی کەمپەکە کارێکی زەحمەتە و ئاسان نییە، کە ئەمەریکا هاوکاری بۆ ئەو کەمپە ڕادەگرێت، دۆخی کەمپەکە خراپ دەبێت، ئەگەر ئەو پشتیوانیانە ببڕن لە کەمپەکە، مەترسییەکی زۆر گەورە دروست دەبێت، چونکە دانیشتووانی کەمپەکە منداڵ و ژنانی داعشەکانن، مەترسی داعشیش لە ناوچەکە مەزنە، بەتایبەت لە سووریا، ئیلهام نەیشاردەوە کە داعش هەمیشە ئامادەکاریی بۆ چالاکییەکانیان دەکەن، دوور نییە لە سووریا سەرهەڵبدەنەوە و دەست بەکاری تیرۆریستی بکەنەوە، بۆ ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هێزەکانی ئەو ناوچەیە پێویستیان بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانانە، ئاماژەی بەوەشکرد، پشتیوانییەکانی فەرەنسا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گرنگە.
دەڵێت: چارەسەری بە ڕێگەی مەدەنی و سیاسی و دیالۆگ گرنگترە لە چارەسەری بە شەڕ، چەک بۆ دوا چارەسەر باشە، تاکوو ڕێبای دیالۆگ هەبێت، کوشتن نابێت، کاتێک دیالۆگ نامێنێت، بە ناچاری چەکەکان دەردەکەون، ئێمە پشتیوانی لە بەکارهێنانی چەک ناکەین، ئێمە بە چەک تەنها مافەکانمان دەپارێزین، ڕێبازەکانی خۆ پارێزیش زۆرن، بە یاسایی و سیاسی و چەکدارییە.
گوتی: ئێمە لە بری دانانی چەک، پێویستە باسی چارەسەری بکەین ڕاستترە، چەک لە چ چوارچێوەیەک هەبێت، بە نموونە لە چوارچێوەی پاراستنی هەرێمەکە بەدەستی هێزەکانی پاراستنی ئاسایش بێت.
ئیلهام دڵنیایی خۆی نیشاندا لە یەکگرتنی کورد و گوتی: ئێمە پێمان وایە ڕۆژێک دێت کوردانی هەر چوار پارچە یەکدەگرن، دەبێتە سەردەمێکی مێژووی بۆ چارەی پرسی کورد.