مەسرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان: جیهان دەنگێکی میهرەبانی و یەکگرتوویی لەدەست دا

دووشەممە، 21-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردەوە. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە ڤاتیکان و بڕوادارانی کاسۆلیکی لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت: بە کۆچی دوایی پاپا، جیهان دەنگێکی میهرەبانی و یەکگرتوویی لەدەست دا.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە "بە ڕێزەوە یادی دیدارەکانمان لەگەڵ پاپا فرانسیس لە ڕۆما و ساڵی 2021 لە هەولێر، وەک کەسێکی پابەند بە ئاشتی دەکەینەوە. دیدارە جەماوەرییەکەی پاپا لەگەڵ هەزاران کەس لە هەولێر، پەیامێکی بەهێز بوو کە کریستیانەکان لە کوردستان پارێزراو و ڕێز لێ گیراون."

 

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە ئەسقەفی ڕۆما کۆچی دوایی کرد.

ناوی پاپا فرانسیس، خورخێ ماريۆ بێرگۆلیۆیە لە 17ی کانوونی یەکەمی 1936، لە ئەرجەنتین لەدایک بووە، لە 13ـی ئاداری 2013 بە پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.

 

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ڕۆژی 30ـی ئایاری 2014 له‌ ڤاتیكان پێشوازیی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد  له‌و دیداره‌دا، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ لێشاوی هاتنی ئاواره‌كانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی پێكهاته‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌ره‌ڕای تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڤاتیكان، باسیان له‌ ڕه‌وشی كریستیانە ئاواره‌کان و په‌نابه‌رانی سووریا كرد، كه‌ په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنابوو‌.

 

دیدای سەرۆک بارزانی و پاپای ڤاتیکان لە 2014

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی 19 ی شوباتی 2020، سه‌ردانی قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكانی كرد و تابلۆیەکی پێشکەش بە پاپا فرانسیس کرد، تابلۆکە گوزارشتی لە پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ ئایینی و كولتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستانی دەکرد.

 

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و پاپای ڤاتیکان لە هەولێر لە 2020

پاپا فرانسیس ڕۆژی 7ـی ئاداری 2021، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی کرد و سه‌ره‌ڕای دیداری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم، سه‌ردانی هه‌ندێک شوێنی دیكه‌شی کرد، كه دانیشتووانەکانی به‌هۆی هێرشی تیرۆریستان و ناكۆكیی تایفی لە عێراق په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنابوو.

پاپا فرانسیس بە گەورەترین داکۆکیکار لە مافی کۆچبەران ناوبانگی دەرکرد بوو، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لە گەرمەی شەڕی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر داڵدەی ژمارەیەکی زۆری لە پەنابەرانی سووریا و ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی کرد، هۆکار بوو تاوەکوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری مووسڵ و قەرەقووشی کرد و لەوێ نوێژی بۆ ئاسوودەیی گیانی قوربانییانی شەڕی دژ بە تیرۆری کرد. هەروەها لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە هەولێر، پاپا فرانسیس قەداسی پیرۆزی مەزن ساز کرد.