دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق: ڕاكان جبووری به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌

ڕاکان جبووری، پارێزگاری پێشووی سه‌پێنراوی کەرکووک
ڕاکان جبووری، پارێزگاری پێشووی سه‌پێنراوی کەرکووک

ئه‌ندامێكی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دەستبه‌سه‌ركردنی پارێزگاری پێشووی سه‌پێنراوی کەرکووک لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانە بووە کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی چاودێری فیدراڵییەوە دەرچووە، نەک لە ئەنجامی سکاڵاکانی لایەنە سیاسییەکان یان کەسایەتییەکان.

دووشه‌ممه‌، 21ـی نیسانی 2025، کەریم شکوور، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌، دەستبه‌سه‌ركردنی ڕاکان سەعید جبووری، پارێزگاری پێشووی سه‌پێنراوی کەرکووک لەسەر بنەمای تۆمەتەکانی پەیوەست بە به‌فیڕۆدانی سامانی گشتی و خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیی بووه‌ لە ماوەی به‌ڕێوه‌بردنی پۆسته‌كه‌یدا.

کەریم شکوور ئاماژەی بەوەش کرد، بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە له‌ ڕاکان جبووری لەلایەن دادگاوە لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانە بووە کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی چاودێریی فیدراڵییەوە دەرچووە و دەرئەنجامی داوای یاسایی یان سکاڵا نەبووە کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان یان کەسایەتییەکانەوە تۆمار کراوە.

دووشه‌ممه‌، 21ـی نیسانی 2025، عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک، بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕاکان سەعید جبووری دەستبەسەر کراوە، بەڵام نازانین تۆمەتەکەی چییە."

پەیامنێری کوردستان24 هه‌روه‌ها گوتبووی، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە تۆمەتی دۆسییەکی گەندەڵییەوە لە دادگای ڕەسەفای بەغدا، دەستبەسەر کراوە کە پەیوەندی بە هاوکاریی خێزانە ئاوارەکانی شەڕی داعشەوە هەیە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، جبووری بە گوێرەی ماددەی 340 دەستبەسەر کراوە و بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە تا یەکلایکردنەوەی دۆسییەکەی.

ڕاکان جبووری، لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بووە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک و تاوەکوو ڕۆژی 11-08-2024، لەسەر پۆستەکەی بەردەوام بوو. دواتر ڕێبوار تەها، لە شوێنەکەی دانرا.

 
Fly Erbil Advertisment