ترەمپ بەشداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی پاپا دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند بە پەرۆشە بۆ بەشداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی پاپای ڤاتیکان لە ئیتاڵیا.

دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیویەتی: لەگەڵ مێلانیای خێزانی، بەشداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی پاپا فرانسیس لە ڕۆما دەکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاندووە، بە پەڕۆشن بۆ ئەوەی بەشداریی له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا بکەن.

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا سەرەخۆشیی خۆی لە کریستانەکانی جیهان کرد و وەکوو ڕێزێک بۆ کۆچی دوایی پاپا، فەرمانی کرد ئاڵای ئەمەریکا لە کۆشکی سپی و هەموو دامودەزگاکان بۆ نیوە بهێنرێتە خوارەوە.

هەروەها پێشتر، پاپا فرانسیس چەندین جار لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و دروستکردنی دیوار لە نێوان مەکسیک و ئەمەریکا، رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتەکەی گرتبوو. 

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، ئەندریا ئارکانجیلی، پزیشکی تایبەتی پاپا فرانسیسی ڕاپۆرتی پزیشکیی هۆی مردنی پاپای بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، کاتژمێر 7:35 بەیانی بە کاتی ڤاتیکان پاپا فرانسیسی تەمەن 88 ساڵ، بەهۆی جەڵتەی مێشک و سستبوونی دڵ، گیانی سپارد.

هاوکات بەگوێری بەڵگەکان، پاپا پێش مردنی، بێهۆش بووە.