تورکیا بۆ چەکدارانی پەکەکە: چەک دانێن و خۆتان ڕادەست بکەن

 بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا نامەیەکیان بەسەر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆکدا، فڕێ دا و داوایان لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، خۆیان ڕادەست بکەن و چەکەکانیان دابنێن، ئەمەش لە وەڵامی بانگەوازی سەرکردە زیندانیکراوەکەیان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان. 

ژمارەیەک لە دانیشتوانی ئەو گوندانەی کە دەکەونە بناری چیای مەتین و گارە لە قەزای ئامێدی بە میدیاکانیان گوت: "فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا، نامەیەکیان بەسەر ئەو ناوچانەدا فڕێ داوە کە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان تێدایە."

بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەو نامەیە بە زمانی تورکی و کوردی نووسراوە و داوا لە ئەندامانی پەکەکە دەکەن گوێ لە بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، سەرکردە زیندانیکراوەکەیان بگرن،  دەستبەرداری خەباتی چەکداری بن و چەکەکانیان دابنێن و خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا بکەن. هەروەها لە نامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، حکوومەت هاوکارییان دەکات ئەگەر وەڵامی ئەم بانگەوازە بدەنەوە.

 

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان لە بارەی ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە و ڕایگەیاند "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی داخرابوو، بەڵام ئێستا پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت."

ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا، چەکدانانی پەکەکە و بەستنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی بە پێویستیی ئەم قۆناغە نوێی باس کردبوو و ڕایگەیاندبوو "بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات."

دوێنێ، دووشەممە، بۆ جاری چوارەم شاندی ئیمراڵی سەردانی ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵلا ئۆجەلانی کرد.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کارەکان لە بارەی پڕۆسەی ئاشتیی بەردەوامن.

بوڵدان گوتیشی، ئۆجه‌لان هه‌روه‌ها نامەیەکی بۆ سڕری سوورەیا ئۆندەر ناردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستووە؛ به‌و پێیه‌ی کاری زۆری بۆ پرۆسەی ئاشتیی کردووە، هەوڵەکانی بەرز نرخاند و گوتی "ئه‌و، کەسێکی ئازیزە لەلامان، چونکە کار بۆ ئاشتیی دەکات و لە ڕابردوودا کاری جیددیمان بەیەکەوە کردووە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، دەبێت هەوڵی ئاشتییەکەی ئۆندەر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".