باڵیۆزی بەریتانیا بۆ مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە

 سێشەممە، 22-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) لە عێراق کرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کردووە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز خواست لە ئەرکەکەی و هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی لە پێناو پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو، ئاماژەی بەوە داوە "هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە."

 

کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو 

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، کە ئەندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتیی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو "هەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە."

باس لەوەش کراوە، هەردوولا ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، تاوتوێ کرد.