ئانۆ جەوهەر: سەرۆک بارزانی بە یەک چاو سەیری سەرجەم پێکهاتەکان دەکات و پارێزەری هەمووانە

بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی، سبەینێ یەکەمین ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانیی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. 

سێشەممە 22ـی نیسانی 2025، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەڕ ڕۆژی نزای نیشتمانییەوە، دەمانەوێت بە جیهانی نیشان بدەین لە کوردستان پێکەوەژیان هەیە و، هەموو پێکەوە ڕووبەڕووی تیرۆر و دیکتاتۆریەت بوونەتەوە.

هاوکات دەڵێت: هۆکاری سەرەکی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەی لە کوردستان هەیە سەرۆک بارزانییە، چونکە بە یەک چاو سەیری سەرجەم پێکهاتەکان دەکات و پارێزەری هەمووانە.

بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانیی لە کوردستان دەست پێ دەکات، لە ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کەسایەتیەکی دیکەی عێراقی و جیهانی گوتار پێشکەش دەکەن. 

ڕۆژی نزای نیشتمانی، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن و یادکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. یەکەم ساڵە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و دەبێتە نەریتێکی ساڵانە.

ساڵانە ئەم ڕێوڕەسمە ئاینییە لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش بەرێوە دەچێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جیاواز دەبێت، بەو پێیەی باوەڕدار و پەیڕەوانی هەموو ئاینییەکان تێیدا بەشدار دەبن، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکە تەنها پەیڕەوانی یەک ئایین بەشدار دەبن. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment