پیتەر گاڵبرێت: لە دوای ساڵی 2003وە هەرێمی کوردستان بووەتە بەهەشتێکی سەلامەت بۆ پێکهاتەکان

سیاستمەدارێکی ئەمەریکی دەڵێت: هەولێر پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و چیرۆکی کوردستان بونیاتنەر و لە دایکبوونە.

چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، پیتەر گاڵبرێت سیاستمەدار و دیپلۆماتکاری ئەمەریکایی، لە میانەی بەڕێوەچوونی نزای نیشتیمانی لە هەولێر ڕایگەیاند: چیرۆکی کوردستان بونیاتنەر و دووبارە لە دایکبوونەوەیە؛ کورد بەشێک بوونە لەو خەڵکەی لە سەدەی بیستەمدا ڕووبەڕووی نەهامەتیی بوونەتەوە، پەیمانی دەوڵەتییان پێدراوە و دواتر جێبەجێ نەکراوە.

گوتیشی:من شاهێدی بەشێک لەو نەهامەتییانەم کە ڕووبەرووی گەلی کورد بووەتەوە لەلایەن عێراقەوە.

باسی لەوەش کرد، هەولێر پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەرێمی کوردستان توانیوییەتی کەلتووری لێبوردەیی بەهێزتر بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای ساڵی 1991 هەرێمی کوردستان دەستی بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان کرد و بە گوندە کریستیاننشینەکانیشەوە.

پیتەر گاڵبرێت دەشڵێت: لەدوای ساڵی 2003 هەرێمی کوردستان بووە بەهەشتێکی سەلامەت بۆ زۆرێک لە پێکهاتەکان، بەتایبەتی ئەو هاووڵاتییانە لە ترسی تیرۆر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هەڵاتن.

ئەو سیاسەتمەدارە ڕاشیگەیاند: کاتێک سەیری مێژووی هەرێمی کوردستان دەکەیت کە چی بەسەرهاتووە لەگەڵ عێراق، تێدەگەیت بۆچی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە 93٪ دەنگیان بە بەڵی دا، بۆ جیابوونەوەیان لە عێراق.

کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی،  سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment