بنکەی لالش: بەغدا بەتەواوی بەرپرسیارە لە رەوشی ئاڵۆزی شنگال
داوا دەکات "ئەو گاڵتەجاڕییە رابگیرێت کە بەرپرسی ئیداری لە دەرەوەی سنووری عێراقەوە بۆ پۆستە ئیدارییەکان داندراون"

K24 - هەولێر
بنکەی لالش بەرپرسیارییەتیی تەواوی رەوشی ئێستای شنگال دەخاتە ئەستۆی بەغدا و، دەڵێ رەوشی ئێزدییان ئەوەندە خراپە، ئەگەر هەلیان بۆ بڕەخسێت، هەموویان کۆچ دەکەن و عێراق جێدەهێڵن.
سبەی شەش ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزدییان تێپەڕدەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی 2800 ژن و پیاو و منداڵیان بێسەروشوێنن، بنکەی لالش بەو بۆنەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پێنج داواکاریشی لە بەغدا هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا دەستەی باڵای بنکەی لالشی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی/ دهۆک دەڵێ "هێشتا نزیکەی 2800 ژن و پیاو و منداڵی ئێزدییان بێسەروشوێنن، چەندینی دیکەش بەهۆی پاشەڕۆژێکی نادیار و زیادبوونی تووندڕەویی ئایینی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشیاندا عێراق، ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا، ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە بوون".
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامارێکی دیار نییە، دەریبخات لەدوای هێرشەکانی داعشەوە چەند ئێزدی عێراقیان جێهێشتووە، بەڵام بنکەکەی لالش هۆشداری دەدات لەوەی رەوشیان ئەوەندە خراپە "ئەگەر دەرگای کۆچبەری بۆ ئێزدییان بکرێتەوە، هەزاران ئێزدی کۆچ دەکەن".
"بازرگانی بە خەمەکانی ئێزدیانەوە دەکەن"
لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-8-2020)ـی بنکەی لالشدا بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێک بهێنرێت هاتووە "لەکاتێکدا ئەو یادە دڵتەزێنە دێتەوە، خەڵکی ئێمە لە شنگال و تەواوی ئێزدیانیش لە ناوەڕاستی رێگا وەستاون، چونکە رەوشەکە لە شنگال و کۆمەڵگەکان و چیای شنگال ئاڵۆزە. بوونی ژمارەیەکی زۆر لایەنی چەکدار، کە هەریەکەیان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیدا دەگەڕێت و بازرگانی بە ئازارەکانی ئێزدییانەوە دەکات، گرنگیدانیان تەنیا درووشمی ساختەیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، کە ئێستا ئەو ئامانجانە بۆ هەمووان روون و ئاشکرا بوون".
دەستەی باڵای بنکەی لالشی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی/ دهۆک، گەورەترین دامەزراوەی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێزدییانە لە کوردستان و عێراق و جیهان، لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا دەڵێ "بەغدا بەرپرسیارە لە رەوشی ئاڵۆزی شنگال و پێمان وایە بەئەنقەست رەوشەکە بەو شێواوییە جێدەهێڵت بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی رەنگە بگەنە دەرەوەی سنووری عێراق".
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە بەغدا کراوە چارەسەرێک بۆ "ئەو فەوزایەی چەک لە سەرانسەری شنگال بدۆزێتەوە، هەموو یەکە چەکدارەکان دووربخاتەوە لە عێراقییەکان و بیانییەکانیشەوە، هەروەها لێکتێگەیشتنێک لەنێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت لەبارەی چۆنییەتی ئیدارەدانی کاروبارەکانی شنگال بە هەماهەنگی لەگەڵ خەڵکی شنگال و ئەو گاڵتەجاڕییەش رابگیرێت کە بەزۆر قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە دەرەوەی سنووری عێراقەوە بۆ پۆستە ئیدارییەکانی (شنگال) داندراون".