شاندی دەم پارتی و وەزیری داد کۆ بوونەوە
بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری داد کۆ ببنەوە، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی سڕری سورەیا ئۆندەر، کۆبوونەوەکە دواخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، کاتژمێر 10:30 خولەک، شاندی دەم پارتی کە پێک هاتبوون لە گولستان کلیچ کۆچیغیت، سێزای تەمەلی جێگرانیی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی و ئۆزتورک تورکدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتەکە لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری داد، کۆ بوونەوە.
گولستان کلیچ کۆچیغیت ڕایگەیاند "لەکۆبوونەوەکەمان لەگەڵ وەزیری داد، باسمان لەهەلومەرجی کارکردنی بەرێز ئۆجەلان کرد و ڕامانگەیاند پێویستە چارە بکرێت، داواکاریمان دەربڕیوە هەندێک لە ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان جگە لە شاندی ئیمراڵی سەردانی ئیمراڵی بکەن.
هاوکات تاوتوێی ئازاد کردنی زیندانییانی نەخۆشمان کرد. پێویستە زیندانیانی نەخۆش و ئەوانەی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەرییان پێگەیشتووە ئازاد بکرێن. بەرێز وەزیری داد تێبینیەکانی وەرگرت. و ڕایانگەیاند کار دەکەن بۆ ئەمە .
پێشتر محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاندبوو، پێشبینیی دەکەن دوای کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ وەزیری داد، هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ هێنانە دی ئاشتی.
