500 پەنابەری سووری لە ئەڵمانیاوە گەڕاونەتەوە سووریا

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە تا ئێستا 500 پەنابەری سووری لە ئەڵمانیاوە ئارەزومەندانە، گەڕاونەتەوە سووریا، هەر خێزانێک لەوانە بڕی چوار هەزار یورۆ هاوکاریی کراوە.
فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند "لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، نزیکەی 500 پەنابەری سووریا لە ئەڵمانیاوە ئارەزوومەندانە، گەڕاونەتەوە سووریا. بەپێی پرۆگرامێکی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، حکوومەتی ئەڵمانیا بەبڕی چوار هەزار یورۆ هاوکاریی هەر خێزانێک دەکات.
لە ناوەرۆکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ ژمارەی ئەو سووریانەی کە لە ئەڵمانیاوە گەڕاونەتەوە سووریا زۆر لەوە زیاترە، چونکە بەشی زۆریان بەبێ خۆ تۆمارکردن و وەرگرتنی هیچ هاوکارییەک لە حکوومەتی ئەڵمانیا، گەڕاونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاسانکاری بۆ ئەو سووریانە دەکات کە وەک پەنابەر لە ئەڵمانیا دەژین، بەچاوپۆشین لە دۆخی یاسایی و مافی مانەوەی کاتیان بۆ یەکجار دەتوانن سەردانی سووریا بکەنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بتوانن بیر لە گەڕانەوەی یەکجاریی بۆ وڵاتەکەیان بکەنەوە.
بەپێی بەرنامەی حکوومەتی نوێی ئەڵمانیا کە لە هەفتەی داهاتوودا پێک دەهێنرێت، ئەڵمانیا هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووریا دەدات، لە سەرەتاشدا بە تاوانباران و ئەو کەسانە دەست پێ دەکات کە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئەڵمانیا.
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریا، یەک ملیۆن لە هاوڵاتیانی سووریا، وەک پەنابەر چوونەتە ئەڵمانیا؛ لەوانەش 300 هەزار کەسیان کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانن.