ناتانیاهۆ بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی 'ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی' سەردانی ئازەربایجان دەکات

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ تاوتوێکردنی ڕێگەکانی بەشداریکردنی ئازەربایجان لە ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی، مانگی ئایاری داهاتوو سەردانی وڵاتەکە دەکات.

پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، ڕۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆتی ئیسرائیلی، بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو، ناتانیاهۆ سەردانێکی فەرمی بۆ باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ئەنجام دەدات، لەوێدا لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی وڵاتەکە کۆ دەبێتەوە.

بەپێی ڕۆژنامەکە، سەردانەکەی ناتانیاهۆ بۆ ئازەربایجان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە. یەکەمیان؛ ڕازیکردنی باکۆ لە بەشداریکردن لە ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی. دووەمیشیان؛ لەبارەی گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا تایبەت بە پرسی سووریا.

لە 9ـی ئاداری ئەمساڵ، ئازەربایجان باڵیۆزخانەی لە تەلئەڤیڤ کردەوە، ئەمەش دوای 30 ساڵ لە پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات.

هەروەها میکایل جابارۆڤ، وەزیری ئابووری ئازەربایجان لە 19ـی ئاداری ئەمساڵ، سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەوێدا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ  ئێلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل واژۆ کرد بۆ مەبەستی گەڕان بەدوای غاز لە وڵاتەکەدا.

لە ساڵی 1992 ئازەربایجان دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا و لەو کاتەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە. ناتانیاهۆ پێشتر دووجار سەردانی باکۆی کردووە، جارێک لە مانگی ئابی ساڵی 1997 و جارێکی دیکە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2016.

 
 
Fly Erbil Advertisment