کەشناسی عێراق: خۆڵبارین بەردەوام دەبێت
خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرمیش نزم دەبنەوە، ئەوە دوا زانیاری دەستەی کەشناسی عێراقییە.
هەینی 25ـی نیسانی 2025، دەستەی کەشناسی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژانی داهاتووش خۆڵبارین بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی کەشناسی عێراق، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، جگەلە خۆڵبارین، نمە بارانیش دەبارێت، ئەمڕۆ هەینی پلەکانی گەرما لە سلێمانی 28 پلەی سیلیزی دەبێت، لە دهۆک 30 پلە و هەولێر و کەرکووک 32 پلەی سیلیزی دەبێت.
شەپۆلی خۆڵبارینی ناوچەکانی عێراق، گەیشتووەتە هەرێمی کوردستانیش، لە دوێنێ پێنجشەممەوە ئەو شەپۆلە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا چەند ڕێنماییەکی پێویستی بۆ کاتی خۆڵبارین بڵاو کردەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هاووڵاتیان لەکاتی خۆڵبارین ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:
1. داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.
2. لە کاتی چونە دەرەوە دەمامک ببەستن و ڕوو پۆشی خۆتان و شوێنی مانەوەتان بکەن بەبەردەوامی.
4. دەرگا و پەنجەرە دابخەن ئەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت مەچۆنە دەرەوە.
4. زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە هەوڵ بدرێت هەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.
5. خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی.
6. تێکەڵ نەبوونی هاووڵاتیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە لە ئێستادا لە لایەن هاوڵاتیانەوە بایەخی زۆری پێ دەدرێت، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ کەوڵی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.
7. لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.