ئێران گوند و كوێستانەكانی سیدەكان تۆپباران دەكات

ئێران دەڤەری برادۆست تۆپباران دەكات

K24 - ھەولێر

تۆپخانەكانی ئێران چەند ناوچەیەكی دەڤەری برادۆست تۆپباران دەكەن و فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانیش خانووێكی لە سنووری ناحیەی سمیلانی سەر بە قەزای چۆمان كردە ئامانج.

شاخەوان حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سمیلان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان خانووێكی لە گوندی دێگەی سەر بە ناحیەی سمیلان كردە ئامانج".

تەیفور محەمەد پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران گوتی: "تائێستا زانیاری لەبارەی ئەو خانووە ئاشكرا نەكراوە كە ھی ھاووڵاتییانە یان بارەگای لایەنێكی سیاسیی بێت، شوێنەكە زیاتر لە 30 كیلۆمەتر لە ناوچەی سنووری نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران دوورە".

ھاوكات تۆپخانەكانی ئێران چەند ناوچەیەكی سنووری ناحیەی سیدەكان تۆپباران دەكەن.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان بە كوردستان24ی راگەیاند: "تۆپخانەكانی ئێران كوێستانی بەربزین و گوندەكانی كەتینە و بن پەرێز لە سنووری ناحیەی سیدەكان تۆپباران دەكەن، بەوھۆیە ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەكە كەوتووەتەوە".

گوتیشی: "ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە بەر تۆپبارانی ئێران، شوێنی نیشەجێبوونی جوتیار و مەڕدارەكانە و تائێستا تۆپباران بۆ سەر ئەو ناوچانە بەردەوامە".

ھ.م