شاندێکی بەرگری شارستانی کوردستان لەفەرەنسا ڕاهێنانیان پێدەکرێت

شاندێکی پیاوانی بەرگریی شارستانی کوردستان گەیشتوونەتە فەرەنسا بۆ بەشداریی کردن لە خولێکی فرایگوزاریی لەو وڵاتە.
بەئامانجی وەرگرتنی ئەزموون و شارەزایی زیاتر لەفەرەنسییەکان لەبواری فریاگوزاری خێراو بەهاناوەچوونی لێقەوماوان لەکاتی خنکان و لافاو و ڕووداوی جۆراوجۆردا،شاندێکی بەرگری شارستانی کوردستان کە لە حەوت کەس پێکهاتوون، بانگهێشتی فەرەنسا کراون و لەشاری هیراوتی فەرەنسا لەلایەن بەرگری شارستانی ئەو شارەوە راهێنانیان پێ دەکرێت.
مایل ڕۆسک سەرپەرشتیاری راهێنانەکان بەکوردستان 24ـی راگەیاند، مەبەستی سەرەکی ئەوان ئەوەیە ئاستی توانای ئەو کەسانە بەرزبکەنەوە کەلە فریاگوزاری خێراو بەرگری شارستانی کوردستان کاردەکەن.
شاندەکەی بەرگریی شارستانی کوردستان کە لەفەرەنسا مەشق و راهێنان دەکەن، پێکهاتوون لە 7 کەس و بۆ ماوەی 10 رۆژ لەچەند ناوچەیەکی فەرەنسا بەشێوەی تیۆری و کرداری بەشداری لەکۆرسی تایبەت بە فریاگوزاری خێراو بەرگری شارستانی دەکەن.