عێراق و سووریا دەربارەی پتەوکردنی خاڵە سنوورییەکانی نێوانیان کۆدەبنەوە

شاندێکی حکوومەتی عێراقی گەیشتە دیمەشق و بڕیار وایە ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدەن دەربارەی خاڵە سنوورییەکان و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ئەمڕۆ هەینی، 25ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، شاندێکی فەرمی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و بڕیار وایە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ئەحمەد شەرع و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومەتی سوریا کۆببێتەوە.
شاندەکە لە فەرماندەی پاسەوانی سنووری سەربە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەکانی نەوت و بازرگانی پێکهاتووە، لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکان.
شاندەکەی حکوومەتی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوریا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی ڕێکخستنەکانی پەیوەست بە خاڵە سنوورییەکان و سنووری هاوبەش و بەهێزکردنیان لە بەرانبەر هەر پێشێلکارییەک یان لە ئەگەری هەڕەشەیەک بۆ سەر هەردوو وڵات.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی هەردوولا، فراوانکردنی ئالوگۆڕی بازرگانییە و هەروەها دیراسەکردنی ئەگەری نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی عێراق بۆ گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی سوریاوە بۆ دەریای ناوەڕاست تاوتوێ دەکەن.